وەک وەڵامێک بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا..زێلێنسکی: گۆڕینی من ئاسان نابێت
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، وەک وەڵامێک بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا، ووتی: گۆڕینی من ئاسان نابێت.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە لەندەن بە ڕۆژنامەنووسانی ووت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوو دەدات و بە لەبەرچاوگرتنی پشتگیرییەکان، گۆڕینی من ئەوەندە ئاسان نابێت.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بابەتە تەنیا لە ڕێکخستنی هەڵبژاردن نابێت، بەڵکو ڕێگریی لە خۆکاندیدکردنم دەبێت، بەمەش کاروبارەکان کەمێک ئاڵۆزتر دەبن.
سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد "پێشتر لە بەرانبەر پەیوەندیکردنی ئۆکرانیا بە ناتۆ، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش کرد. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەگەر هاوپەیمانی ناتۆ هەبێت و کۆتایی بە شەڕەکە بێت، مانای ئەوەیە کە ئەرکەکەم بە ئەنجام گەیاندووە".
بەرپرسانی ئەمەریکایی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، دوێنی یەکشەممە، ووتیان: پێویستە ڤلۆدیمێر زێلنسکی، دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی هەینی ڕابردوو لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی لەسەر شەڕی ڕووسیا ناکۆکیی کەوتە نێوانیان و بووە بەشەڕەقسە و سەرۆکی ئۆکرانیا بە بێڕێزیکردن بە ئەمەریکا و سوپاسگوزار نەبوون بۆ هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی کیێڤ و مۆسکۆ تۆمەتبار کرا.
