وێنەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لەسەر دراوی 100 دۆلاری ئەمریکی دادەنرێت
نوێنەری پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی تێکساس، براندوون گیل پرۆژە یاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە تیایدا پێشنیاری دەرکردنی کاغەزێکی دراوی 100 دۆلاری نوێی کرد کە وێنەی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەسەرە، لەجیاتی وێنەی بنیامین فرانکلێن، کە ئێستا وێنەی لەسەر دراوی 100 دۆلاریە.
لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، براندوون گیل گوتویەتی: "دانانی وێنەی ترەمپ لەسەر دراوی 100 دۆلاری مانای بەرزنرخاندنی هەموو ئەو شتانەیە کە لە چوار ساڵی داهاتوودا سەرۆک ترەمپ بەدەستی دەهێنێت".
یاسادانەرەکە پرۆژە یاساکەی بە "یاسای سەردەمی زێڕینی 2025" ناوبردووە.
ئەم پێشنیارە دوای دەستپێشخەرییەکانی پێشوو دێت کە جۆو ویلسۆن، ئەندامی پارتی کۆماریی لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور لە مانگی شوبات پرۆژە یاسایەکی پێشکەش کرد بۆ دروستکردنی کاغەزێکی 250 دۆلاری کە وێنەی ترەمپ-ی لەسەرە.
هەروەها پێشتر، لە مانگی حوزەیرانی 2024، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پاوڵ گۆسار لە ویلایەتی ئەریزۆنا، پرۆژە یاسایەکی هاوشێوەی پێشکەش کرد بۆ دەرکردنی کاغەزێکی 500 دۆلاری کە وێنەی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ-ی لەسەرە.
ئەو کاغەزە دراوەی 100 دۆلارییەی ئێستا وێنەی سەرۆک بنیامین فرانکلین (1706-1790) هەڵگرتووە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زانا، داهێنەر و دیپلۆماتکار کە زیاتر بە تاقیکردنەوەکانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناسراوە.
