عێراق وسوید پەرەسەندنە ئەمنییەکانی گۆڕەپانی سوریا تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ یۆرگن لیندسترۆم، ڕاوێژکاری کاروباری باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، سەبارەت بە پەرەسەندنە ئەمنییەکانی گۆڕەپانی سوریا گفتوگۆیانکرد.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە بڵاوکراوەتەوە، کەدەستی موتەڵع کەوتووە، تێیدا هاتووە، "قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە ئۆفیسەکەی خۆیدا پێشوازی كرد لە بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، یۆرگن لیندسترۆم، بە ئامادەبوونی سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، ئەندەرس فیباری".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هاوکاری و دۆستایەتی نێوان عێراق و شانشینی سوید کرا، لە هەموو بوارەکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات".
هەروەها لە ڕایگەیەندراوەكدا هاتوە :" پەرەسەندنەکانی ئەمنی لەسەر ئاستی هەرێم بە گشتی و گۆڕەپانی سوریا بە تایبەتی باس کران".
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە "هەموو هەوڵێک بدەن بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، بەمەبەستی بەهێزکردنی بنەماکانی دۆستایەتی و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات".
