ڕاوێژکاری سودانی: پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان بوودجەی ساڵی 2025 بگاتە پەرلەمان
دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری ڕایگەیاند، لێکگەیشتن لەنێوان حکوومەت و پەرلەمان هەیە سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2025، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان بگاتە پەرلەمان.
مەزهەر محەمەد ساڵح، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لێکگەیشتن لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی هەیە سەبارەت بە خشتەی بودجەی 2025، جەختیشی کردەوە، ڕێککەوتن کراوە لەسەر وادەی ناردنی و دەنگدان بە خشتەی بودجە.
ئەو ڕاوێژکارە، ڕوونیشی کردەوە، ماددەی 77 بڕگەی دووەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، باس لەوە دەکات وەزارەتی دارایی ساڵانە خشتەکانی بودجە پێشکەش دەکات، لەگەڵ هەموارکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردن و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی دارایی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات بۆ گفتوگۆ و دەنگدان لەسەری، دواتر ئەو خشتانە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت خشتەی بودجە پێش کۆتایی مانگی ڕەمەزان بگاتە پەرلەمان.
