ڕێباز حەملان لهبارهی دهستلهكاركێشانهوهی له پۆستی بریكاری وهزارهتی دارایی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە
رێباز حەملان له پهیامێكدا ڕایگهیاند، دوای دهستبهكاربونی وهك بریكاری وهزیری دارایی لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا کردوه، "راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بوە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردوە، بهڵام وهزیری دارایی نیگهران بوه و بهیاننامهی لهسهر دهركردوه"، دهشڵێت، "له ئهنجومهنی وهزیران لەبەردەم ھەمو ئامادەبوان کە 24 بەڕێوەبەری گشتی ئامادەبون دەمەقاڵی و گرژیی دروستبو، به سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد".
رێباز حەملان ئهمڕۆ دوشهممه له پهیامێكدا لهبارهی دهستلهكاركێشانهوهی له پۆستی بریكاری وهزارهتی دارایی عێراق، ڕایگهیاند، "لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دوەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە، لە بەغدا کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بونم خستە پێش بەرژەوەندی شەخصی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "بەتایبەت کە متمانەی مەسعود بارزانی وەردەگریت دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت، لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت نابێت چۆک دابدەیت، لە ساڵی 2017 لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێم کە رێگەم نەدا ئەنجومەنی وەزیران نیصابى قانونى لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام".
رێباز حەملان باسی لهوهشكردوه، "لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بوە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردوە، ئەو ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم، بۆ یهكهمجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق بهیاننامه له دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە".
ئهوهشی خستهڕو، "لەبەغدا پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبوم، دواتر لە کۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودى وهزیر لەبەردەم ھەمو ئامادەبوان کە 24 بەڕێوەبەری گشتی ئامادەبون دەمەقاڵی و گرژیی دروستبو، به شانازییهوه سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد".
رێباز حەملان دهشڵێت، "لەم ساڵی 2025دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتی کردنی مەلەفی بودجە و موچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی موچە و بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام موچەی موچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن".
ڕونیشیكردهوه، "بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، موچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسودەکرد، لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادارکردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کاربکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە".


