تورکیا هاوڵاتیانی مەدەنی لە کۆبانێ و گوندەورای ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومان دەکات
لەئەنجامی بۆردوومانکردنی ماڵ و ناوچە مەدەنییەکان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا، لە شارۆچکەی سەرینی باشووری کۆبانێ منداڵێک کوژرا و دووانی دیکەش برینداربوون، ئەوەش لەئەنجامی بەردەوامی و چڕبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کە 12 گوند و گردی دەووروبەری بەنداوی تەشرین و قەرەقوزاق و کۆبانێ دەکاتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی ئادار، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هێرشەکانی سووپای تورکیا و میلیشیاکانی بۆسەر بەنداوی تەشرین و قەرەقوزاق.
هەسەدە ڕایگەیاندووە، دوێنێ دووشەممە تورکیا کۆمەڵکوژییەکی لە گوندی جەراف ئەنجامدا کە دەکەوێتە شارۆچکەی سەرین لە باشووری کۆبانێ، کە تیایدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ماڵی هاوڵاتیانی گوندەکەی کردە ئامانج و منداڵێکی کوشت و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش لەکاتێکدا تورکیا و میلیشیاکانی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بەردەوامبوون لە تۆپبارانکردنی گوندەکانی ئەلتینە و جەعدە و پیرحەسۆ، غەسق، دێکان و مەلحە و ئەلسەنع، هەروەها گوندەکانی تەلتی و سەیفی و قەرەقوزاق بە تۆپ و هاون و تانک و مووشەک هاوێژ، ئەوەش زیانێکی گەورە بە ماڵ و موڵکی و ژیانی گەورەی ماددس بە هاووڵاتیان گەیاندووە.






