سودانی تیمێکی ئەمنی ڕادەسپێرێت بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی پەلاماری ژمارەیەک کرێکاری سوورییان لەعێراق داوە
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی تایبەتی کرد بۆ ڕاونانی ئەو کەسانەی کردەوەی شەرمەزارکەری توندوتیژی بەرامبەر ژمارەیەک لە برایانی سوری کە لە عێراق کاردەکەن ئەنجامداوە.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،ڕایگەیاند"هەندێک لە پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا کردەوەی شەرمەزارکەری توندوتیژی بەرامبەر ژمارەیەک لە برایانی سوری کە لە عێراق کاردەکەن لەلایەن گروپێکی دەمامکدارەوە کە ناوی "تەشکیلات یا عەلی شەعبییە"یان لە خۆ ناوە ئەنجام دەدرێت"،دەستبەجێ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانی پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی تایبەتی کرد بۆ ڕاونانی ئەو کەسانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەوشتی عێراقیەکانەوە نییە.
وتیشی"ئەم جۆرە کردەوانە دەستدرێژی شەرمەزارکەرن بەپێی یاسا و پێچەوانەی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکانن، هەروەها کەرامەت و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن".
ڕایشیگەیاند"ئێمە جەخت لەسەر قووڵایی پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی عێراق و سوریای برا دەکەینەوە، بەبێ هیچ نەرمی نواندنزیک و جیاوازییەک یاسا بە تەواوی بەسەر هەموو ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە بسەڵمێنرێت دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی ئەو دەستدرێژیانە، ئەمەش وەک دووپاتکردنەوەی بنەمای سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا".
