حەکیم: عێراق هەوڵی زۆر دەدات لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوەو خزمەتگوزاری و بیناسازییدا
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانی عەمار حەکیم دووپاتیکردەوە کە عێراق هەوڵی زۆر دەدات لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و بیناسازیدا.
حەکیم لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ فابیان بۆسارد، سەرۆکی سەنتەری کاروباری سیاسی و دەرەوە لە فەرەنسا کۆبووینەوە و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەمان تاوتوێ کرد.
حەکیم ئاماژەی بە "گرنگی سەقامگیری ناوچەکە وەک پێشمەرجێک بۆ سەقامگیری جیهانی" کرد و جەختی لە "پێویستی گفتوگۆ و یەکخستنی ڕۆڵەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری خوازراو" کرد.
ناوبراو داوای کرد "گفتوگۆ لە سوریا بکرێت، هاوکات جەختی لەسەر ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی وڵات و واقیعی دیمۆگرافی" کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق هەوڵی بەرچاو دەدات لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، خزمەتگوزاری، و بیناسازی، دوای بەدەستهێنانی سەقامگیری لەسەر چەند ئاستێک، لەوانە سیاسی، ئەمنی، و کۆمەڵایەتی. ئەم سەقامگیرییە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ پێشخستنی ئەولەویەتەکانی قۆناغی ئێستا و داهاتوو، کە بریتییە لە پێشخستنی واقیعی خزمەتگوزاری و بیناسازی و گەشەپێداندا".
