کوڕێکی ئەو خێزانەی لەهەولێر لەلایەن زاوایان کۆمەڵکوژکران باسی ڕووداوەکە دەکات
کوڕێکی ئەو خێزانەی لە هەولێر کۆمەڵکوژکران باسی ڕووداوەکە دەکات.
د. هەرێم کەمال وتارێکی بڵاوکردووەتەوەو لە وتارەکەیدا چۆنییەتی رووداوی کۆمەڵکوژکردنی خێزانەکەی دەگێڕێتەوە.
د. کەمال محەممەد نوسیویەتی: "هاوڕێیان، خۆشەویستان، مرۆڤ دۆستان، ئێمە کۆمەڵکوژکراین"، با لۆتان باس بکەم، چۆن کۆمەڵکوژ کراین؟
دڕندەکە، هاتە ژوورەوە، وتی سانا وەرە پێشم بکەوە، گۆتی نایەم، (سانا، کە خێزانی بوو، خوشکی گەورەمانە، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایک بوون، تا بڵێی دڵسۆز و خەمخۆری هەموومان بوو، زۆر بەخشندەو خێرکەر بوو، زۆر یارمەتی خەڵکی دەدا، زۆر هەوڵی پەروەردەکردنی منداڵەکانی خۆی دەدا، هەرچەند باسی بکەم، تا لەنزیکەوە نەیناسی، نازانی چ کەسێک بوو)، سانا کە وتی نایەم، دڕندەکە دەمانچەکەی دەرهێنا، سەناریای خوشکم (سەناریا، کە پزیشکی پایەبڵندی سۆنەرە و قوتابی بۆردە، پەپولەی ماڵەکەمان بوو، زۆر زۆر موزەحی بوو، ڕاگری ماڵەکەمان بوو، خەمخۆرو فریادڕەسی هەموومان بوو، دەست و پێی داکو بابم بوو، لە هەرکەسێک کە هاوڕێی بوو بپرسن، بڵێن کەسێکی چۆن بوو، ئەوکاتە دەزانن کێ بوو)، سەناریا هەر وەکوو پیشەی خۆی کە موزەحی ماڵەکەمان بوو، هەوڵدەدات دەستی ئەو نامرۆڤە بگرێت، کە هەردوو دەستی دەگرێت، پاش پاڵپێوەنانی یەکتر، یەکەم گوللەی لە ملی داوە، سەناریا کەوتە خوارەوە، ئینجا دەستی کرد بە تەقەکردن لە سانا و هەرزوو پاش گوللە لێدان لە سنگی، گیانی دەردەچێت. دواتر دووبارە چەند گوللەیەک لە سەناریا دەدات، ئەوجا دووبارە دێتەوە سەر سانا و گوللەی تری پێوە دەنێت، پاشان دایکم کە وەکو دەڵێن سانای لەباوەش کردیە، گووللەکانی لە پشتەوە لێداوە، داکم (سباحت، خۆشەویستی خەڵکان، قسە خۆشی ناو مەجلسان، خێرکەری ناو خێزانمان، ڕوح و گیانی ئەمن بوو).
د. هەرێم کەمال لەتەواوی گێڕانەوەی چیرۆکی کۆمەڵکوژی خێزانەکەی بەدەست زاوایانەوە، نوسیویەتی: پاشان نۆرەی بابم هات (بابم، کەسێکی تابڵێی تێگەیشتوو، خوێنەوار، 40 ساڵ لە تەمەنی مامۆستا بووە، پێگەیەکی دیاری هەیە لەناو کۆییان، تا بڵێی قسەو مەجلیسی خۆش بوو) بابم بە گۆپاڵەوە هاستایتەوە، ئەویش چەند گوللەیەکی لێدراوە، سەهەندی خوشکم، کەلەهەمان هۆڵ بوونە، پێی گۆتیە نەیە پێش دەنا دەتکوژم، هەر هاواری کردیە، دە توخواااااا بەسسسە، توخوااااا بەسسسە، هەمووت کوشتن، ئەو هاوارە، گەیشتە هەر 7 تەبەقی ئاسمان، بەڵام نەگەیشتە سەر دڵ و دەروونی ئەو نا مرۆڤە، ئەنجا چووەوە پاش، وە دووبارە گەڕایەوەو پاش ماخزەن گۆڕین، هەریەکەو هەندەک گوللەی تری پێوەنان، لاڤینی کچی سەهەند، و کارینی کچی سیابۆ، گوللەی باوانیشەوە نابوو، لاڤین بە قاچی کەوتووە، و کارینیش بە ئاراستەی پشتی بوو، بەڵام بەری نەکەوتووە، سۆمای خوشکی گچکەم، کە دەمانچەی لەسەر ویش دانابوو، لۆخۆشی نازانی کو لێی نەدابوو، ئینجا لەدوای چوونە دەر، چوار تەرمی بەجێی هێشت. دوا قسەی سەناریا، بە سۆمای خوشکمی گۆتبوو ئاگات لە منداڵاکانت بی، دوا قسەی بابیشم، بە پێکەنیەوە گۆتبووی هەموومانی كوشت، ساناو داکیشم بی هیچ وشەیەک گیانیان دەرچووبوو، "لە بنەماڵەکەمان، کە 10 کەس بووین، دابەش دوو کراین. ئێستا تەنها 5 کەس ماوین".
بکوژی چوار ئەندامی خانەوادەی خێزانی لە شاری هەولێر دەستگیر دەکرێت.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە رووداوێکی تەقەکردن ئاگادار کراینەوە لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانمانەوە بۆمان دەرکەوت تۆمەتبار (س ، م ، ع) کە پیشەی پزیشکە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بە چەکی جۆری دەمانچە هەڵساوە بەکوشتنی هاوسەری و خەزوور و خەسوو و خوشکی هاوسەری، دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە تۆمەتبار (س ، م) بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.
شەوی پێنجشەممە 13ـی ئادار، لە شاری هەولێری پایتەخت دکتۆرێک تەقە لەماڵی خەزووری دەکات لەئەنجامدا چوار کەس دەکوژێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشبەرەکە پزیشکە و یەکێک لە کوژراوەکان هاوژینیەتی کە ئەویش پزیشکە، تائێستاش نازانرێت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم تاوانە چییە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بە کێشەی کۆمەڵایەتی دەدەن.

وێنەی ئەو پزیشکەی لە هەولێر خێزانەکەی و 3 کەسی دیکەی ماڵی خەزووری کوشت، ناوی د. سیروان مەحموودە و دکتۆری نەشتەرگەری گشتییە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی ئەهلیە لە هەولێر.
