سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر لە بەغدا دەستگیرکران
ئەمڕۆ دووشەممە (١٧ی ئازاری ٢٠٢٥)، فەرماندەیی پۆلیسی ڕەسافە دەستگیرکردنی ٣ تۆمەتباری بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاند.
بەیاننامەیەکی فەرماندەیی پۆلیس، کە بە موتەڵع گەیشتووە، ئاماژەی بەوە کردووە، دەستگیرکردنی "بازرگان و دابەشکەرێکی ماددە هۆشبەرەکان" لە ناوچەی بەغداد جەدیدە ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی زانیاری ئەنجامدراوە کە ئاماژەیان بە بوونی کەسانی گومانلێکراو بۆ فرۆشتن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لەنێو ئالوودەبووان لە ناوچەی بەغداد جەدیدە ئەنجامدراوە. هێزێکی تایبەتمەند لە پۆلیسی بەغداد جەدیدە و فەوجی فریاکەوتنی حەوتەمی ڕەسافە پێکهێنرا، بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی دیکە".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "دەست بەسەر ماددە هۆشبەرەکانی کریستاڵ و ئامێری وەرگرتنی ماددە هۆشبەرەکاندا لە تۆمەتباران گیراوە، و ئەوان دوای لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە کە ماددە هۆشبەرەکانیان گواستنەوە و دابەشیان کردووە".
