ئەستێرەیەکی پێشووی ئیتاڵیا بە یەكجاری وازهێنانی لە تۆپی پێ راگەیاند
ئەنتۆنیۆ کاندرێڤا، یەکێک لە یاریزانە بەناوبانگەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا و یاریزانی پێشووی یانەکانی لازیۆ و یۆڤانتۆس و ئینتەرمیلان، ئەمڕۆ سێشەممە لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ١٨ ساڵ لە يانه نوخبەییەکان بەسەری برد.
ئەستێرەكەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە پارچە ڤیدیۆیەكەدا وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ راگەیاند و تێیدا وتی: تۆپی پێی ئازیز ئەمڕۆ یەکێکە لە ڕۆژە گرنگەکانی ژیانم، کاتی ماڵئاواییکردن هاتووە و لێرە لە سان سیرۆ، سکالا دێل کالچیۆ، کە دوا یاریم تێدا ئەنجامدا، وازهێنانی خۆم لە یاریكردن رایدەگەیەنم.
وتیشی: سی ساڵ لەمەوبەر، گەشتەکەم دەست پێکرد، کە پڕ بوو لە خۆشی و خەم و قوربانیدان و سەرکەوتن، بە خەون و خولیای خۆم ژیام، من ئەمە وەک ماڵئاوایی نابینم، بەڵکو وەک سەرەتایەکی نوێ تەماشای دەكەم.
کاندرێڤا 54 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامداوە و تێیدا خاوەنی حەوت گۆڵە، لەگەڵ یانەكانیش 693 یاری ئەنجامدا و تێیدا سەركەوتوبوو لە تۆماركردنی 106 گۆڵ و 122 ئەسیست، جامی ئیتاڵیاشی لەگەڵ لازیۆ بردەوە لە وەرزی 2012 بۆ 2013.
