سلێمانی: سەرکەوتنی پلانەکانی یادی نەورۆز راگەیەندرا
قائیمقامی سلێمانی پەیامێک بڵاودەکاتەوەو تێیدا سەرکەوتنی پلانەکانی یادی نەورۆز رادەگەیەنێت و پیرۆزبایی ساڵی نوێی کوردی لە هاووڵاتیان و لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان دەکات.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی پەیامێک بڵاودەکاتەوەو تێیدا دوای ئەوەی پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی کوردی کرد، دەستخۆشی لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و لایەنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان کرد کە سەرەڕای زۆری چالاکییەکان و کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و گەشتیاران لە چەند شوێنێکی جیاواز، تەواوی مەراسیمەکانی رۆژی نەورۆز و کردنەوەی ئاگر بەسەرکەوتویی و بەبێ هیچ روداوێکی نەخوازراو ئەنجام دران.
ئاوات محەمەد راشیگەیاندووە، سەرباری هۆشیاری و دڵسۆزی هاووڵاتیانی شارەکەمان، هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تەواوی فەرمانگەکان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە وەکو یەک تیم کاریان کردو رێگەیان نەدا روداوی نەخوازراو دۆخی چالاکییەکان و دڵخۆشی هاووڵاتیان تێک بدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها دوو روداوی هاتوچۆ تۆمارکران کە رێکاری پێویستیان لەگەڵ گیراوەتەبەر.
