بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسیک.. سودانی سەردانی تورکیا دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: "محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی تورکیا دەکات"، ئاماژەی بەوەدا کە: "سەردانەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا".
ماجید لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا، بە میدیای فەرمی ڕایگەیاند ، کە پێشبینی سەردانێکی گرنگی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی دەکەین بۆ تورکیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئاماژەی بەوەشکرد کە: “سەردانەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵنانی هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان بۆ ئاستێکی نوێ”.
لەجماوی باسی لەوەکرد “گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان هەردوولا تیشک دەخرێنە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی ستراتیجی، دیارترینیان پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان”ە، کە پەیوەندی ئابووری بەیەکەوە بەرز دەکاتەوە و هاوبەشییەکی بەهێز لە نێوان عێراق و تورکیا دادەمەزرێنێت، ئەمە جگە لە دۆسیەکتنی وزە، گواستنەوە، و ئاڵوگۆڕی بازرگانی”.
باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکە لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتە گرنگەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دێت، ئەمەش وادەکات ببێتە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان و ئابووری، جەختیشیکردەوە: “عێراق ئارەزوو دەکات پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتنی یەکتر بنیات بنێت”.
وتیشی، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە هەوڵی بێوچان دەدات بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بە شێوەیەک کە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات بکات بەدەست بێیت.
