چامپیۆنز لیگ.. بەرشەلۆنە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر شکستی بە دۆرتمۆند هێنا
لە چامپیۆنز لیگ بەرشەلۆنە بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر شکستی بە دۆرتمۆند هێنا و پێیەکی گەیاندە قۆناغی داهاتوو.
لە یاریی چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ، بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یاریگای خۆیدا میوانداری بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی کرد.
تایمی یەکەم، لە سەرەتاوە بە هێرشبردن دەستیپێکرد و چەندین هەلی مەترسیداریان رەخساند، تا ئەو ساتەی لە یەکێک لەو هێرشانە رافینیا لە خولەکی 25 گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، نیوەی یەکەمیش بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە تایمی دووەم، تیپەکەی هانسی فلێک بە یەکجای باڵی کێشا بەسەر یاریگادا و سێ گۆڵی دیکەی لە خولەکەکانی 48 و 66 و 77 لە رێگەی دوو گۆڵی لیڤاندۆڤسکی و گۆڵێکی لامین یامالەوە تۆمارکرد.
سەرەنجام بلاوگرانا یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێوەڵام بردەوە و هەنگاوێک لە قۆناغی داهاتوو نزیک بووەوە، یاریی داهاتووش لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک ئەنجام دەدرێت، کە تیایدا بە فەرمی براوەی بلیتی قۆناغی پێش کۆتایی ئاشکرا دەبێت.
