ئێران هەڕەشەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی ئەتۆم دەکات
عەلى شەمخانى، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، ئەگەر هێرشى سەربازى بکرێتە سەر وڵاتەکەى، رێکارى بەرپەرچدانەوە دەگرنە بەر، لەوانە دەرکردنى پشکنەرانى ئاژانسى نێودەوڵەتی وزەى ئەتۆم و راگرتنى هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسەکە.
شەمخانی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "بەردەوامیی هەڕەشە دەرەکییەکان و دانانی ئێران لە ژێر هەڕەشەی هێرشی سەربازیدا، دەکرێت ببێتە هۆی گرتنەبەری رێوشوێن و رێگریکردنی وەکو دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و راگرتنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسەکە".
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە گواستنەوەی ماددە پیتێندراوەکان بۆ "شوێنە سەلامەت و رانەگەیەندراوەکان" لە ئێران ببێتە بەشێک بێت لە پلانەکانیان.
ئەم گوتانەی راوێژکارەکەی خامنەیی دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد و گوتی "ئەگەر تاران رێککەوتنی ئەتۆمی قبوڵ نەکات، بژاردەی سەربازی دەگرنەبەر و ئیسرائیل سەرۆکایەتیی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران دەکات".
هاوکات بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، دیپلۆماتکارانی ئێران و ئەمریکا سەردانی عومان بکەن، بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لە کاتێکدا ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران راستەوخۆ دەبن و ئێرانیش جەخت لەوە دەکاتەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
