کۆشکی سپی: ئەمریکا لە سوڵتانییەتی عومان دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سبەی شەممە ئەمریکا لە سوڵتانییەتی عومان دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی تاران بکات. دەشڵێت، "تاران یان داواکەی ترەمپ قبوڵ دەکات یان باجێکی قورس دەدات".
کارۆلین لیڤیت، ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "دانوستان لەگەڵ ئێرانییەکان ڕاستەوخۆ دەبێت و دەمەوێت ئەوە زۆر ڕون بکەمەوە، هەروەها ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا وتوێژی ڕاستەوخۆ بە باشترین ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئەمنییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەڕوانێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجی سەرەکی ترەمپ دڵنیابونە لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، ڕونیشی کردەوە کە سەرۆک باوەڕی بە گرنگی دیپلۆماسی و دانوستان لە یەک ژوردا هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
وتەبێژەکە جەختی لەسەر هەڵوێستی پتەوی واشنتن کردەوە و وتی، "ئێران ڕازی دەبێت بە داواکاری سەرۆک ترەمپ یان باجێکی قورس دەدات، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەمو بژاردەکان لەسەر مێزن و بڕیاری کۆتاییش لە ئەستۆی تاراندایە".
ئەوە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی شەممە شاندەکانی ئێران و ئەمریکا دەگەنە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان و دوای دیدار لەگەڵ بەدرولبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان دەست بە دانوستان دەکەن.
