سەرچاوەیەکی حکومی: سودانی سەردانی قەتەری کرد و لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد و شەرع کۆبوەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە ،سەرچاوەیەکی حکومی رایگەیاند محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا لە وڵاتی قەتەڕ كۆبوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی حکومی ئاگادار لە لێدوانێکدا کە (موتەڵع) چاودێری کردووە رایگەیاند:- محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانێكی بەپەلەی بۆ قەتەڕ ئەنجامداوە و لەوێ لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەڕ و ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا كۆبووەتەوە.
بڵاویشی كردۆتەوە: كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكە بەهۆی رووداوە خێراكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و سووریا ئەنجامدراوە و تێیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردۆتەوە كە لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی سووریا دەكەن.
سودانی رایگەیاندووە: هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە سووریا جێگیر و نەگۆڕە ئەویش جەختكردنەوەیە لە پڕۆسەی سیاسی و هەروەها رێزگرتن لە سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان و مافەكانی مرۆڤ.
سەرۆك وەزیران جەختیشی كردۆتەوە كە پێویستە حكوومەتی نوێی سووریا بە كردەیی هەنگاو بنێت بۆ رووبەڕبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش.
