ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز نیگەرانیی قووڵ لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن دەردەبڕێت
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەرانیی قووڵ" لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن دەردەبڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی چەند رۆژی رابردوو بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 80 کەس و برینداربوونی 150ی دیکە.
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: گۆتێرێز "نیگەرانی قووڵی سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانییانە هەیە کە ئەمریکا لە 17 و 18ـی نیسان بۆسەر بەندەری رەئس عیسا و دەوروبەری ئەنجامیدان، کە بەپێی هەواڵەکان دەیان قوربانیی سڤیلی لێ کەوتووەتەوە، لەنێویاندا برینداربوونی پێنج کارمەندی بواری مرۆیی."
دوجاریک گوتی، گۆتێرێز نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر زیانگەیاندن بە بەندەرەکە و "ئەگەری لێچوونی نەوت بۆ نێو دەریای سوور" دەردەبڕێت.
گۆتێرێز داوا لە حوسییەکانیش دەکات "دەستبەجێ" کۆتایی بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور و ناوچەکە بهێنن.
دوجاریک گوتی، گۆتێرێز "بە قووڵی نیگەرانە" لە ئەگەری زیاتر تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "ئەوپەڕی ئارامگرتن" بنوێنن.
