وەزارەتی تەندروستی راگەیەندراوێکی لەبارەی گیان لەدەستدانی ئافرەتێک بەهۆی نەشتەرگەرییەوە بڵاوکردەوە
وەزارەتی تەندروستی راگەیەندراوێکی لە بارەی گیان لەدەستدانی ئافرەتێک بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاریەوە
بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەکرد " لەبەرامبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری کاری نەشتەرگەری جوانکاری و نەبوونی ڕێگەپێدانی کارکردنی لە نەخۆشخانەی ناوبراو، وەزارەتی تەندروستی ڕێککاری توندی یاسایی گرتەبەر بەرامبەر بە پزیشک ونەخۆشخانەکە".
ئەمڕۆ پینج شەممە، دوای ئەوەی ئافرەتێک بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاری ( دەرهێنانی چەوری سگ) گیانی لەدەستدا، وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەنراوێکدا وتی" لەبەرامبەر نەبوونی پسپۆڕی بواری کاری نەشتەرگەری جوانکاری و نەبوونی ڕێگەپێدانی کارکردنی لە نەخۆشخانەی ناوبراو، وەزارەتی تەندروستی ڕێککاری توندی یاسایی گرتەبەر بەرامبەر بە پزیشک ( د. ئا. م ) ، دوای گیان لەدەستدانی هاوڵاتی (ش. ع) لە شاری سلێمانی لە نەخۆشخانەی (سەفین )ی تایبەت کە نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ئەنجام درابوو.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بە:
١- پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە کێشەی گیان لەدەستدانی ناوبراو بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٠ (یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش لەهەرێمی کوردستان) و پەیڕەوی (پێکهاتە و ئەرکەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی دادوەری داواکاری گشتی و نوێنەری سەندیکای پزیشکانی کوردستان
٢- ڕاگرتنی پزیشک (د. ئا. م) بەناونیشانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەکارکردنی تا کۆتایی هاتنی لێژنەی لێكۆڵینەوە ، لەبەر ئەوەی ناوبراو سەرپێچی ڕێنمایی ژمارە ( ١٠ )ی ساڵی ٢٠٢٤ و فەرمانی وەزاری ژمارە (٤٣٠٤) لەڕێکەوتی ٣ /٧ / ٢٠٢٣ ی کردوە ، کەوا کاری پسپۆڕی ئەم پزیشکە نیە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بەڵکو ئەم نەشتەرگەریە کاری پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاریە نەوەک نەشتەرگەری گشتی.
٣- پێبژاردنی نەخۆشخانەی (سەفین)ی تایبەت بەهۆی سەرپێچی کردنی یاسا و رێنماییەکان تایبەت بە نەبوونی رێگەپێدانی کارکردنی پزیشکی ناوبراو لە لیستی میلاکی ئەم نەخۆشخانەیە.
٤داخستنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ناوبراو لەپێناو سەلامەتی نەخۆش و چارەسەریەکان.
