هێزەكانی كۆماندۆ زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی لەناوچە سنووریەکانی گەرمیان ئەنجامدا
هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی دژی تیرۆریستان و شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكانی سنووری گەرمیان ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری و بە هەماهەنگیی فڕۆكە و هێزەكانی هاوپەیمانان، زنجیریەك ئۆپەراسیۆنی بۆ سنووری گەرمیان ناوچەی تاوێركەوە (دەرچەی ئاوە سپی) و سنووری (گوندی لەك) ئەنجامدا.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، تیرۆریستان ناو بە ناو لە ناوچەكانی سنووری (پەڵكانە و تاوێركەوە و زنانە) و چەند ناوچەكی دیكە مۆڵگە و حەشارگەكانیان ڕێكدەخەنەوە، بۆ خۆحەشاردان لە كاتی هەڵهاتنیان لە دەست یاسا و هێزە ئەمنییەكان، هەروەها دانانی پلانی تیرۆریستی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێم و عێراق، “كۆڕانی كۆماندۆ” بە بەرنامە سەرجەم حەشارگە و تونێل و ئەشكەوتەكانیان دەتەقێنێتەوە و ئاسەواریان ناهێڵێت.
“ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هێزەكانی كۆماندۆ سنوورەكەیان كێوماڵ كرد و شوێن پێ و ئاسەواری تیرۆریستان هەڵگیرایەوە و چەند حەشارگە و ئەشكەوتێك تەقێنرایەوە و خاپووركران ، دەستیش بەسەر چەند گوللە هاونێك و لاپتۆپێك و كەل و پەلی دیكەی پەیوەندیكردندا گیرا.
هاوكات، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان هێزەكانی كۆماندۆ”ی راسپارد بەردەوامبن، لەسەر ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ئاسەواری تیرۆریستان و شانە نووستووەكانیان لەو ناوچانە.
