نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات
سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆز تۆماس سەیلەر، سەرۆکی نێرده‌ی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە کۆبوونه‌وه‌که‌دا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش تاوتوێ کران، هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە عێراق و ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
نێچیرڤان بارزانی، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپا لە پشتگیریی سەقامگیری و بەردەوامیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرده‌وه، به‌تایبه‌تی لە بوارەکانی گەشەپێدان، مافەکانی مرۆڤ و هاوکاریی ئابووری و کەلتووریدا.
لای خۆیەوە، باڵیۆز تۆماس سەیلەر، پابه‌ندیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپای به به‌رده‌وامیی پشتگیریی له عێراق و هه‌رێمی کوردستان دووپات کرده‌وه، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە چەسپاندنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەربڕی و خواستی یەکێتیی ئەورووپای بۆ بره‌ودان بە بوارەکانی هاوکاریی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نیشان دا.
دۆخی سووریا و ناوچه‌که به‌گشتی، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوو.
