سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی قەتەر تاوتوێی پەرەپێدانی گواستنەوە دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، و وەزیری گواستنەوەی قەتەر محەمەد بن عەبدوڵڵا ئال سانی پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژییان تاوتوێکرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری گواستنەوەی قەتەر بەڕێز محەمەد بن عەبدوڵڵا ئال سانی.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا پێداچوونەوەیان بە پەیوەندییە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پشتیوانیکردنیان و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاوبەشی و وەبەرهێنان لە کەرتەکانی گواستنەوە و بەندەرەکاندا کرد. هەروەها باسیان لە پێشکەوتنەکان کرد لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، و دەرفەتەکانیان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی یەکگرتوو لە هەردوو دیوی ڕێگاکەدا دۆزیەوە بۆ بەرزکردنەوەی گەشەپێدانی ئابووری.
هەروەها لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە بواری بەڕێوەبردنی گواستنەوەی گشتی، بەندەر و فڕۆکەخانەکان و دەرفەتەکانی پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی تاوتوێ کرا، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی چالاککردنی جوڵەی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕ لە ئاستە و بوارە جیاجیاکاندا.
