دارایی: سپاردەى دارایی باج داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتییە و راکێشانى رێوشوێنێکى سرووشتییە
وەزیرى دارایی عێراق راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی باج بۆ مووچە بە هەنگاوێکى ئاسایی دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجومەنى وەزیران دەسەڵاتى راکێشانى ئەو پارەیەى داونەتێ زیاتر لە سێ تریلیۆن دینارە بۆ تەواوکردنى مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ـی ئایاری ٢٠٢٥، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (٢٩٤)ى ساڵى ٢٠٢٥ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بەوپێیەى ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتى دەوڵەت.
دەشڵێت، راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (٢٩٤)ى ساڵى ٢٠٢٥ـی ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتیى دەوڵەت.
وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەشکرد، پارەى سپاردەى دارایی لە هەژمارێکى بانکیى وەزارەتی داراییدایە لە بانکی ناوەندى و ئەو پارەیە بە کاتى لەوێ دەبێت تاوەکو رێوشوێنەکانى پاکتاوى باج دەکرێن بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو بڕە پارەیەى هەژمارەکە یەکسانە بەو باجەى لەسەر باجدەرەکەیە، ئەگەر پارەکە زیاتر بوو دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو لایەنەى پارەکەى داناوە، ئەگەر هاوشێوەش بوو ئەو بڕە پارەیە وەک بەشێک لە داهاتى گەنجینەى دەوڵەت هەژماردەکرێت.
