کەشناسی: تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلی خۆڵبارین بەردەوامبێت
ئەمڕۆ سێشەممە ، دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینیدەکات ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامبێت.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکان بەشێوەیەکی گشتی ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام لەناوچەکانی باکوور ئاسمان هەور و هەندێک کاتیش نیمچەهەور دەبێت، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش پێشبینی تاوەباران و هەورەبروسکە دەکرێت.
هەروەها، شەپۆلی خۆڵبارین کە چەند رۆژێکە ناوچەکەی گرتووەتەوە، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت، لە هەندێک ناوچەش مەودای بینین لەنێوان سێ بۆ پێنج کیلۆمەتر دەبێت.
هاوکات بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە، دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و 207 هاووڵاتی لە شاری کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە عێراقیش بەهەمان هۆکار زیاتر لە 700 کەس براونەتە نەخۆشخانەکان.
بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسیش، کەمی دابارین هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینە، پێشبینیشدەکرێت تاوەکو مانگی حەوت شەپۆلی خۆڵبارین بەشێوەی پچڕ پچر بەردەوامبێت.
