وەزارەتی دەرەوە: دانانی چەکی پەکەکە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە بۆ سەقامگیری عێراق و ناوچەکە
وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند دانانی چەکی پەکەکە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگە کە بەشدارە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە.
وەزارەتەکە لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە "وەزارەتی دەرەوە پێشوازیی کۆماری عێراق لە بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وەستاندنی شەڕی چەکداری و دانانی چەکەکانی دەردەبڕێت و بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ دەزانێت کە بەشدارە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم ڕاگەیاندنە نوێنەرایەتی دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەکات بۆ پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو ململانێیە درێژخایەنانەی کە دەیان ساڵە سێبەریان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا خستووە هەروەها ئەم پێشهاتە خاڵی چوونە ژوورەوەی سروشتی پێکدەهێنێت بۆ سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی ئەو بیانوو و پاساوانەی کە لە مێژە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی عێراق بەکارهێنراون".
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێكە، وەزارەت پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە، جەختی لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئەمنییەکان لەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ گەیشتن بە خواستەکانی گەلانی ناوچەکە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان دووپاتکردەوە.
