ئاسایشی هه‌ولێر ژماره‌یه‌ك تۆمەتبار کە هەستاون بە دزیکردن دەستگیر دەکات
ئاسایشی هه‌ولێر رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك تۆمەتباریان ده‌ستگیركردووه کە هەستاون بە دزیکردن و رێگریكردن له هاوڵاتیان، بە پێی دوایین زانیارییەکان، ئه‌و تۆمه‌تبارانه پێشینه‌ی تاوانیان هه‌یه و پێشتر سزادراون و ئازادكراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، دوای به‌دواداچوونی تیمی تاوانی بهڕێوهبهرایهتیهكە، به فه‌رمانی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، سێ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیر كرد به‌ناوه‌كانی (م، ح، خ) و (ج، ح، خ) و (د، م، س) كه له ناو شاری هه‌ولێر هه‌ڵساون به‌ئه‌نجامدانی تاوانی دزیكردن و رێگریكردن له چه‌ند هاوڵاتیه‌ك.
ئاماژەی به‌وه‌شكرد، تۆمەتبارەکان دوای چاودێریکردنی خاوه‌ن دوكانێک، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه، هێرشیان كردۆته‌سه‌ری و رێگه‌یان لێگرتووە و سه‌رجه‌م پاره‌كانیان بردووە.
باسی لەوەشکرد، تاوانبارەکان هه‌ڵساون به دزینی چه‌ند ئۆتۆمبێلێك و لەگەڵیشیا تابلۆكانیان گۆڕیوه و چه‌ند تاوانیكی هاوشێوەی دیكه‌ی رێگری و دزیكرنیان له هاوڵاتیان ئه‌نجامداوه.
وتیشی، تۆمەتبارەکان دوكانی ئاڵوگۆڕی دراویان هه‌یه و له كاتی ده‌ستگیركردنیان، چه‌ند چه‌كێكی بێ مۆڵه‌ت و ژماره‌یه‌ك تابلۆی ئۆتۆمبێلی ساخته و سێ ئۆتۆمبیلی دزراویان لە شوێنەکەیاندا دۆزراوەتەوە.
هاوکات، بۆیان دەرکەوتووە کە تۆمه‌تباران پێشینه‌ی تاوانیان هه‌یه و پێشوتریش ده‌ستگیركراون و سزای یاسای دراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، هەر هاوڵاتییەک سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئەو تۆمەتبارانە هەیە، سه‌ردانیان بكات.
