سەرۆک کۆمار پێشوازی لەسەرۆکی فەلەستین دەکات
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ هەینی کۆشکی سەلام، پێشوازی لەسەرۆکی فەلەستینی، مەحمود عەباس و شاندی یاوەری کرد.
نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە:- لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی برایانەی نێوان عێراق و فەلەستین کرد، هەروەها ڕێگاکانی بەهێزکردنیان لەبوارە جیاجیاکاندا، لەگەڵ هەڵوێستی پشتیوانی نەگۆڕی عێراق بۆ دۆزی دادپەروەرانەی گەلی فەلەستین.
سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی عێراقی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین دووپات کردەوە، لە پێش هەموویانەوە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان و جەختی لەوەش کردەوە کە دەستدرێژی بەردەوام بۆ سەر کەرتی غەززە پێویستی بەهەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەهێزی عەرەبی هەیە کە گوزارشت لەنیشاندانی ئیرادەیەکی هاودەنگی و پشتیوانی کاریگەر بۆ گەلی فەلەستین بکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کەلوتکەی عەرەبی زەمینەیەکی گونجاو خۆش دەکات بۆ ئاراستەکردنەوەی هاودەنگی عەرەبی بەرەو پشتیوانیکردن لەدۆزی فەلەستین و داڕشتنی هەڵوێستێکی کاریگەر کە مافەکان بپارێزێت و خۆڕاگری گەلی فەلەستین لەبەرامبەر داگیرکاریدا بەهێزتر بکات.
لەلای خۆیەوە سەرۆک عەباس، پێزانینی بەرزی خۆی بۆ هەڵوێستی چەسپاوی عێراق سەبارەت بە دۆزی فەلەستین دەربڕی و دەستخۆشی لە میوانداریکردنی بەغداي لە لوتکەی عەرەبی و ئەو پلاتفۆرمە ستراتیژییەی کە نوێنەرایەتی دەکات بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی فەلەستین بە جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
