كۆمسیۆن دواین زانیاری له‌باره‌ی ناو تۆماركردن بۆ هاوپه‌یمانییه سیاسییه‌كان بڵاودهکاتەوە
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق دواین زانیاری له‌باره‌ی ناو تۆماركردن بۆ هاوپه‌یمانییه سیاسییه‌كان تا كۆتایی ده‌وامی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بڵاوكرده‌وه و به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانیش، 118 لایه‌ن داواكاریان بۆ به‌شداریكردن له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تۆماركردوه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاویكرده‌وه، ژماره‌ی لایه‌نه مۆڵه‌تپێدراوه‌كان كه تۆماركراون 343 لایه‌نن، 60 حزبیش ناوی خۆیان بۆ دامه‌زراندن و مۆڵه‌ت تۆماركردوه، هه‌روه‌ها 118 حزبیش بۆ به‌شداریكردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناویان تۆماركردوه.
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕو، ژماره‌ی هاوپه‌یمانییه‌كانی پێش‌و 66 هاوپه‌یمانی بون، ژماره‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ی كه بڕوانامه‌ی په‌سه‌ندكردنیان له ده‌سته‌ی كۆمسیاران وه‌رگرتوه پێنج هاوپه‌یمانێتین، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی كه چاوه‌ڕێی په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی كۆمیساریانهوهن 11 هاوپه‌یمانێتین.
باسی له‌وه‌شكردوه، ژماره‌ی ئه‌و هاوپهیمانێتیانهشی كه خواستی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ربڕیوه 25 هاوپه‌یمانێتین، ژماره‌ی ئه‌و لیسته تاكه‌كه‌سیانه‌ی كه خواستی خۆیان بۆ به‌شداریكردن ده‌ربڕیوه 16 لیستن.
