مەندەلاوی بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەڕووداوی گیانلەدەستدانی دوو خوێندکارەکەی کۆلێژی سەربازی
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی دوو خوێندکارەکەی کۆلێژی سەربازی ناسریە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، مردنی دوو خوێندکاری کۆلێژی چوارەمی سەربازی ناسریە و خراپبوونی دۆخی تەندروستی چەندین خوێندکاری تر، تاوانێکە و نابێت تەنها بە لەکارخستنی تاوانباران سنووردار بکرێت.
وتیشی، فەرمانیان بە پێکهێنانی لیژنەیەک داوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و ئاشکراکردنی هۆکارەکانی و پەلەکردن لە پێشکەشکردنی راپۆرتەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو و توند لەو بارەیەوە.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی ١٨ی ئایاری ئەم مانگە، بەهۆی سزادانێکی بەکۆمەڵ کە تائێستا هۆکارەکەی بەتەواوی روون نییە، تەندروستیی ژمارەیەک خوێندکاری کۆلێژەکە تێکچوو، دوو لە خوێندکارەکان گیانیان لەدەستدا.
