پۆلیسی ئەڵمانیا هۆشداری لە پەرەسەندنی کاریگەریی گروپە تاوانکارییە توندڕەوەکانی گەنجان دەدات
هۆلگەر مونچ، بەرپرسی فەرمانگەی پۆلیسی تاوانی فیدراڵی ئەڵمانیا هۆشداریدا لە پەرەسەندنی کاریگەریی گروپە تاوانکارییە توندڕەوەکانی گەنجانی ڕاستڕەو و ڕایگەیاند، گروپە تاوانەكاریە توندوتیژەکان، ئالەنگارییەكی گەورە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان دروستدەکات و ڕێگریکردن لە کردەوەی توندوتیژی، ئەرکێکە کە دەکەوێتە سەر هەمو کۆمەڵگا.
هۆلگەر مونچ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گروپی میدیایی فونکە ڕایگەیاند، ماوەی نزیکەی ساڵێکە، گۆڕانکارییەکی مەترسیداریان لە نێوان گەنجانی خاوەن مەیلی ڕاستڕەودا بەدیکردوە، کە زیاتر توندڕەو دەبن و بەشداری لە پێکهاتە ڕێکخراوەکاندا دەکەن، ئەوەش وایان لێدەکات توانای ئەنجامدانی تاوانی گەورەتریان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئینتەرنێت بوەتە فەزای پەیوەندییەکان بۆ ئەو گروپانە و بەرزبونەوەی تاوانەکانی ڕاستڕەوەکان، بەتایبەتی تاوانە توندوتیژەکان، ئالەنگارییەكی گەورە بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان دروستدەکات.
ئەو بەرپرسەی ئەڵمانیا باسی لەوەكردوە کە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو دیاردەیە تەنیا ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان نییە و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پەرەسەندنە بۆ ڕێگریکردن لە کردەوەی توندوتیژی جددی، ئەرکێکە کە دەکەوێتە سەر هەمو کۆمەڵگاکە.
ئەوە لەكاتێكدایە کە هەفتەی ڕابردو دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، پێنج گەنجیان دەستگیرکرد کە تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 18 ساڵدا بو لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئەمنی سەرتاسەری لە دژی شانەیەکی توندڕەوی ڕاستڕەوی گومانلێکراو.
بەگوێرەی میدیاكانی ئەڵمیانیا، چواریان تۆمەتباربون كە سەر بە گروپێکی تیرۆریستی ڕاستڕەون بە "دوا شەپۆلی بەرگری" ناسراون، پێنجەمیان تۆمەتبار کراوە بە پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ ئەو گروپە.
بەگوتەی داواکارانی گشتی، ئەو گروپە هەوڵی تێکدانی سیستەمی دیموکراسی ئەڵمانیای داوە بە پلاندانان بۆ هێرشەکان کە پەناگەی پەنابەران و دامەزراوە چەپەکان دەکاتە ئامانج.
