سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی کردەوە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان
سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیکردنی له بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی نێودەڵەتی بۆ کاروباری بێسەروشوێنان تەئکیدی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی کردەوە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوه سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی یەکشەممە 25 ی ئایاری 2025 لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری گشتی لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاروباری بێسەروشوێنەکان خاتوو کاترین بۆمبەرگەر و وەفدی هاوڕێی .
وتیشی لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی لایەنەکانی هاوکاری نێوان ICRC و عێراق کرا لە چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنەکان و بەهێزکردنی هەوڵە مرۆییەکان لەم بوارەدا و جەختیان لەسەر پێویستی بنیاتنانی توانا بۆ کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دەستنیشانکردنی ڕوفاتی قوربانیان کردەوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنەوەیان بە کەسوکارەکانیان.
سەرۆک کۆمار بەپێی ڕاگەیەندراوەکە تەئکیدی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و کۆمیتەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و دروستکردنی کاری هاوبەشی کاریگەر لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەم بوارەدا کار دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەلومەرجەی عێراق بەهۆی شەڕ و تیرۆرەوە پێیدا تێپەڕیوە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ یارمەتیدانی کەسوکاری قوربانییەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆڵەکانیان و چارەسەرکردنی ئەو دۆسیە مرۆییە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناساندنی خاوەنەکانیان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ کەسوکارەکانیان و دادپەروەری و قەرەبووکردنەوە بۆتە بابەتێکی بەپەلە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێز و شکۆ بۆ قوربانیان و تەئکیدی لەسەر پێویستی بە دۆکیۆمێنت کردنی ئەو تاوانانە کردەوە کە لە لایەن چەتەکانی تیرۆریستان و ڕژێمی دیکتاتۆرییەوە ئەنجامدراون بۆ ئاگادارکردنەوەی نەوەکان لە سروشتی ئەو تاوانانە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
لای خۆیەوە خاتوو بۆمبەرگەر پابەندبوونی لیژنەکەی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێسەروشوێنەکان لە ڕێگەی پاڵپشتی تەکنیکی لە برەودان بە جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی دووپاتکردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنەکان دووپات کردەوە.
