سودانی فەرمان دەکات کە پلانی پڕچەککردنەوە بەپێی ئەولەویەتەکان ڕێکبخرێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، فەرمانیکرد کە پلانی پڕچەککردنەوە بەپێی ئەولەویەتەکان ڕێکبخرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئامادەکردنی هێزە چەکدارەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد، سەبارەت بە پلانی پڕچەککردنی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەمساڵ، بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا و بریکاری وەزارەتی پلاندانان و ژمارەیەک ڕاوێژکار.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا پلانی پڕچەککردنیان تاوتوێکرد لە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی ستراتیژی حکومەت، بەمەبەستی بەهێزکردن و پەرەپێدانی تواناکانی هەموو جۆرە هێزەکانی سوپا و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕچەک کردن.
روونیکردەوە سودانی فەرمانی ڕێکخستنەوەی پلانەکانی کرد، بەپێی ئەولەویەتەکان و جێبەجێکردنی لەماوەی ئەمساڵ و ساڵای داهاتوودا، بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلی هێزە چەکدارەکان، هەروەها ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەماهەنگی ڕێوشوێنەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دابینکردنی خەرجیی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی تواناکانی سوپای عێراق.
