وەزیری داد: حکومەتی عێراق کار بۆ چارەسەرکردنی مەلەفی ونبووەکان دەکات
خالید شوانی وەزیری داد لەمیانی پێشوازیکردنی لە سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ونبووەکان دووپاتیکردەوە کە حکومەتی عێراق کار بۆ چارەسەرکردنی مەلەفی ونبووەکان دەکات، وەزارەتی دادیش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوبەشە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی یاساییان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"خالید شوانی وەزیری داد، لە بارەگای وەزارەت لە بەغدا پێشوازیکرد لەخاتوو کاترین بۆمبێزگ سەرۆکی لیژنە نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ونبووەکان و وەفدی هاوڕێی.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا ئاسۆی هاریکاریی دوو قۆڵی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا، ئەویش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی قوربانیانی ونبووی ڕژێمی لەناوچوو و تیرۆر،و کارکردن بۆ داخستنی مەلەفی ونبووەکان کە نواندنی ئەولەویەتێکی نیشتمانی و مرۆیی دەکات.
ڕایشیگەیاند هەر لە میانی دیدارەکەدا شوانی دووپاتیکردەوە کە حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆر بە چارەسەرکردنی مەلەفی ونبووەکان دەدات، بەو پێیەی پرسێکی مرۆییە کە کاریگەری لەسەر مافی هاووڵاتییان هەیە کە بەهۆی تاوان و شەڕەکانی ڕژێمی لەناوچووەوە وکردەوە تیرۆرستییەکان لەوڵاتدا زیانیان بەرکەوتووە، دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەتی داد لە ڕێگەی فەرمانگەی مافی مرۆڤەوە ڕۆڵی هاوبەشیی لەم بابەتەدا دەگێڕێت و بە هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی کرداری کە دەبێتە هۆی داخستنی یەکسان و دادپەروەرانە و یاسایی ئەم مەلەفە مرۆییە. ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتەکە کار دەکات بۆ دروستکردنی داتابەیسێکی ئەلیکترۆنی گشتگیر و ورد لەسەر قوربانیان و ونبووەکان.
لای خۆیەوە خاتوو پۆمپێزگ پێزانینی قووڵی خۆی بۆ ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی داد لە چارەسەرکردنی ئەم مەلەفە نیشاندا و ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە بوارەکانی دوکیۆمێنتکردن و هاریکاریی دامەزراوەیی بەدیهاتووە. هاوکات خواستی لیژنەی نێودەوڵەتی دەربڕی بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی داد، کە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پتەوکردنی هاریکاریی لەخۆدەگرێت، لەپاڵ پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی هاوبەشی تایبەتمەند به بەدواداچوونی مەلەفی ونبووەکان و قوربانیانی تیرۆر و ڕژێمی لەناوچوو. ناوبراو بانگهێشتی وەزیری داد کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە کەسانی ونبوو، کە لیژنەی نێودەوڵەتی لە بەغدا ڕێکیدەخات.
