سەرۆک کۆمار جەخت لەپێویستی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی درێژخایەن بۆ ڕێکخستنی تەرخانکردنی ئاو لەنێوان وڵاتانی سەرچاوە دەکاتەوە
سەرۆک کۆمار لەمیانی پێشوازیکردنی لەباڵیۆزی هۆلەندا جەختی لەپێویستی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی درێژخایەن بۆ ڕێکخستنی تەرخانکردنی ئاو لەنێوان وڵاتانی سەرچاوە کردەوە
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق، خاتوو جانێت ئەلبێردا، بەیاوەری سەرۆکی پەیمانگای هۆڵەندی بۆ زانستەکانی ئاو، IHE Delft، دکتۆر ئیدی مۆرس.
وتیشی سەرۆک کۆمار جەختی لەقوڵایی پەیوەندی دۆستانەی نێوان عێراق و هۆله ندا و پێویستی پەڕەپێدانی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هەر دوو گەلی دۆست بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کردەوه.
ئاماژەیشیدا هەر لەدیدارەکەدا باس لە چواچێوەی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و پەیمانگەی IHE Delft کرا و سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم وڵات لە ڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو و ئاماژەی بەو چارەسەر و هەنگاوەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق کرد ، هەروەها پلانەکانی داهاتوو بە ئامانجی مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ژینگە و هاووڵاتیان.
ڕایگەیاند سەرۆک کۆمار جەختی لەپێویستی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی درێژخایەن کردەوە بۆ ڕێکخستنی تەرخانکردنی ئاو لەنێوان وڵاتانی سەرچاوە و خوارەوی ئاوەکان بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەکارهێنانی گونجاوی ئاو و ئاماژەشی بە گرنگی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەنجامدانی ڕاهێنانی بەردەوام کرد بۆ هاوسەنگکردنی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی شێوازی نوێی ئاودێری و بەڕێوەبردنی ئاو.
سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی پەیمانگاکەی کرد بۆ ئەو توێژینەوەیانەی لەسەر سیستمی ئاودێری لەعێراق ئەنجامی داوە و جەختی لە چڕکردنەوەی بەرنامە ناوخۆییەکانی پەیمانگاکە کردەوە بۆ ڕاهێنانی کارمەندانی وەزارەتە جیاجیاکانی عێراق، بەمەش یارمەتیدەر دەبێت لەپەرەپێدانی توانا و شارەزاییەکانیان و پاراستنی مافی عێراق لە سەرچاوە ئاوییەکانی.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز ئەلبێردا و شاندی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری وپەیوەندییە دووقۆڵییەکان، جەختیان لە پاڵپشتی بەردەوامی هۆلەندا بۆ عێراق کردەوە لەتێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە ئاوییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لەگەڵ بوارەکانی دیکەی بەرژەوەندی هاوبەش.
