ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی فشارە سەربازییەکان بۆ سەر حەماس
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی فشارە سەربازییەکان بۆ سەر حەماس ، بەگوێرەی میدیاكانی ئەو وڵاتەش ئیسرائیل فشارە سەربازییەكان لە باكوری غەززە توندتر دەكات، هەروەها گۆڕانکاریی دیکەش لەبارەی بە هاوکارییە مرۆییەکانەوە دەكات.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، سوپای وڵاتەكەیان خۆی ئامادە دەکات بۆ چڕکردنەوەی فشارە سەربازییەکان لە سەر حەماس، بە ئامانجی کاریگەری دانان لەسەر هەڵوێستەکانی بزوتنەوەکە لە دانوستانەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە هەیە لە چوارچێوەی کەرتی غەززەدا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هەڵکشانی سەربازیی ئیسرائیل لە دژی حەماس بە تایبەتی لە باکوری کەرتی غەززە توند دەبێت. هەروەها جگە لە چالاکییە سەربازییەکان، ڕەنگە گۆڕانکاریی دیکەش هەبێت سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان، بەتایبەتی هاتنە ژورەوەی بارهەڵگرەکانی خۆراک و کردنەوەی خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردوەتەوە، گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی خۆراک "کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر حەماس هەیە".
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستەكانی ڕێككەوتنی غەززە بە دەستەكەی ڕاگەیاندوە، فشارەكانی نێوەندگیرەكان بەردەوامە بۆ گۆڕینی هەڵوێستی حەماس، هەم فشاری ئەمریكا بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە بەمەبەستی قبوڵكردنی هەندێك لە تێبینیەكانی حەماس.
