نێچیرڤان بارزانی: كێشه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت، "كێشه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت و ده‌شڵێت، "كوردستانییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بین له داكۆكیكردن له مافه‌كانیان و هه‌مو ڕێگه‌چاره‌یه‌كی ده‌ستوری ده‌گرینه‌به‌ر".
نێچیرڤان بارزانی له‌په‌یامێكدا کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە بڵاویكرده‌وه، "به بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه، جوانترین و گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشكه‌ش به هه‌مو موسڵمانان له هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان ده‌كه‌م، له خوای مه‌زن داواكارم جه‌ژن به خێر و خۆشی بگه‌ڕێته‌وه و ئارامی، ئاسوده‌یی و كامه‌رانی بۆ هه‌موان له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت".
راشیگه‌یاندوه، "له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا، داكۆكی له واتا و ماناكانی جه‌ژن له قوربانیدان و به‌زه‌یی و ئاشتبونه‌وه ده‌كه‌ین، بانگه‌واز نوێ ده‌كه‌ینه‌وه بۆ به‌هێزكردنی گیانی لێكگه‌یشتن و هاوكاری و كاركردنی هاوبه‌ش بۆ تێپه‌ڕاندنی كێشه و ئاڵنگارییه‌كان و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و دڵنیابون له ژیانێكی شایسته بۆ هه‌مو هاوڵاتییان".
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكردوه، "كێشه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و یاسا و ڕێككه‌وتنه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت كه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وڵات بكات، كوردستانییان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بین له داكۆكیكردن له مافه‌كانیان و هه‌مو ڕێگه‌چاره‌یه‌كی ده‌ستوری ده‌گرینه‌به‌ر".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، هیوادارین ئه‌م بۆنه پیرۆزه، ببێته هانده‌رێكی نوێ بۆ باڵاده‌ستكردنی زمانی لۆژیك و به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌ش، به شێوه‌یه‌ك دڵنیایی له داهاتویه‌كی باشتر بۆ هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراق بدات".

