پاشای ئوردن بۆ سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی لوتکەی بەغدا دەکاتەوە
شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حسێن پاشای شانشینی هاشمی ئوردن،لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید،جەختیکردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی لوتکەی بەغدا.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە"سەرۆک کۆمار، دکتۆر عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیسی فەرەنسا لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حسێن، پاشای شانشینی هاشمی ئوردن کۆبووەوە.
وتیشی لە میانی دیدارەکەدا کە فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوە و تاراوگەنشینانی ئوردن و ژمارەیەک بەرپرسی هەردوو وڵات ئامادەی بوون، هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا کرد، هەروەها فراوانکردنی هاریکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و ئوردن.
روونیشیکردەوە سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی کاری هاوبەش کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی هەمەچەشنی بایۆلۆجی، کەمکردنەوەی پیسبوونی زەریاکان و سەرچاوەکانی ئاو، و پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام. هەروەها پێداچوونەوە بەو بابەتانە کرا کە لە سێیەمین کۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتنە ئاراوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا و جەخت لە گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان کرایەوه بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین لە گەیشتن بە تەواوی مافە ڕەواکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا کە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە مسۆگەر بکرێت.
لای خۆیەوە پاشای ئوردن پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دووپاتکردەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر گرنگی بنیاتنانی دەرئەنجامەکانی ئەم دواییەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا و کۆتایی هێنان بە پەرەسەندنی مەترسیدار لە کەرتی ڕۆژئاوا.
