ئەردۆگان بۆ ترەمپ :پشتوانی لە دەسپێكردنەوەی دانوستانەكان نێوان تاران و واشنتن كرد
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامدا و پشتوانی لە دەسپێكردنەوەی دانوستانەكان نێوان تاران و واشنتن كرد و ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەكانی ناوچەكە.
میدیای فەرمی توركیا ئەمشەو بڵاویكردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئەنجام داوە و باسیان لە پەرەسەندنی نێوان ئیسرائیل و ئێران و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کرد.
بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، ئەردۆگان جەختی لەوە کردەوەتەوە کە تورکیا بە وردی چاودێری گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات، هەروەها ئەو دانوستانە ئەتۆمییانەی کە دەستیپێکردوە بە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانێت.
ئەردۆگان ئاماژەی بە پاڵپشتیی تورکیا کردوە بۆ ئەو بۆچونەی ئەمریکا کە دەبێت دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕیوە كە هەرشێك لە توانایدا بێت دەیكات بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەكان.
