وەزیری دەرەوە داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی كرد. لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی كە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، بڵاویکردەوە: فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی كۆماری عەرەبی میسرەوە پێگەیشت.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە پەیوەندییەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی ناوچەكە كرا، بەتایبەتی گۆڕانكارییەكانی ڕەوتی شەڕی بەردەوامی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاردانەوەكانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
رونیشیكردەوە: لەو چوارچێوەیەدا و بە سیفەتی سەرۆكی خولی ئێستای لوتكەی عەرەبی، فوئاد حسێن داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی كرد، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئەستەنبوڵ بەڕێوە بچێت، بە ئامانجی هەماهەنگی هەڵوێستە عەرەبییەكان سەبارەت بە پێشهاتە خێراكان و روبەروبوونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا بە ڕۆحێكی دەستەجەمعی و بەرپرسیارانە.
