عێراق و ئوردن ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە هەڵکشانێکی نوێ لە ناوچەکەدا دووپات دەکەنەوە
فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و ئەیمەن سەفەدی هاوتا ئوردنییەکەی ڕەتکردنەوەیان بۆ هەر جۆرە هەڵکشانێکی نوێ لە ناوچەکە دووپاتکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوە کەدەستی موتەڵع کەوتووە تێیدا هاتووە: “فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و تاراوگە نشینانی شانشینی هاشمی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی پێگەیشتووە،لە پەیوەندییەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا لە سایەی پەرەسەندنی بەردەوامدا، بەتایبەتی دوای دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کەلەئەنجامدا هەڕەشەی جددیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەردوولا "ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە هەڵکشانێکی نوێ و پێویستی هەنگاوی هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و ڕێگریکردن لە فراوانبوونیان دووپاتکردەوە.
هەروەها دوو وەزیر ئامادەکارییە بەردەوامەکانی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی تاوتوێ کرد، کە بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە ئیستانبوڵ بەڕێوە بچێت. جەختیان لە گرنگی هەماهەنگی هەڵوێستەکان لە نێوان وڵاتانی ئەندام کردەوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتووی ئیسلامی سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسیدار.
وتیشی، "لەو چوارچێوەیەدا پێشنیارێک کرا کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی ئەنجام بدرێت، بۆ گەڕان بەدوای ڕێگاکانی کردەوەی بەکۆمەڵی عەرەبی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندی گەلانی".
