عێراق و فەرەنسا کاردانەوەی گرژیی ناوچەیی و ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵکردنی بە شێوەیەکی دیپلۆماسی تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا کرد".
وتیشی: هەردوولا پێداچوونەوەیان بە ڕەوتی ڕووداوەکان و خێراتربوونی و پەرەسەندنی ئەو گرژییانەی لە دوای شەڕی بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قەوارەی زایۆنیستی و کاردانەوەکانیان لە سەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد. جەختیشی لەوە کردەوە، "پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئێستا و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بەپەلە بۆ ئەوەی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە لەو دەرئەنجامە مەترسیدارانە بپارێزن کە ڕەنگە بەدوای خۆیدا بهێنێت".
ئەعرەجی بە پێی بەیاننامەکە جەختی لە گرنگی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوشانی ئەمریکا، گوشار خستنە سەر قەوارەی زایۆنیستی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران و ڕێگرتن لە بەئامانجکردنی دامەزراوە ناوەکییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە قورسانەی کە بەسەر ناوچەکە و جیهاندا دێن و پێشێلکردنی یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان کە ئەو وڵاتە نوێنەرایەتی دەکات. دووپاتیشی کردەوە کە "عێراق بەکارهێنانی ئاسمانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دراوسێ ڕەتدەکاتەوە".
ڕوونیشی کردەوە کە: "حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی فەرمی لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە گرتووەتە بەر لە وەڵامی ئەم پێشێلکارییە ئاشکرایە".
لای خۆیەوە باڵیۆزی فەرەنسا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی بەرچاو دەدات، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بۆ وەستاندنی شەڕ و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی ئێستا، و ڕێگرتن لە ڕاکێشانی وڵاتانی دیکە بۆ ناو ململانێکان.
