رووسیا ئامادەیی خۆی دەڕدەبڕێت بۆ هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران
ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە پێشوازیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاشکرای کرد، ڕووسیا ئامادەیە لە بونیاتنانی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، هاوکاریی ئێران بکات.
دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە کرملین پێشوازیی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا، پوتن، بە عراقچی ڕاگەیاند: ڕووسیا خواستی هاوکاریی گەلی ئێرانی هەیە ئێستا کە لەبارودۆخی جەنگدایە، عراقچیش دووپاتی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا زۆر باشە و هەمیشە گفتوگۆ لەبارەی پێشهات و بارودۆخەکان دەکەن. ڕاشیگەیاند، ڕووسیا هاوکارمان دەبێت لە بونیاتنانی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، بەرگریی لە سەروەری خۆیان و خاکەکەیان دەکەن.
هاوکات، ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا گوتی: هێرشکردنە سەر ئێران هیچ بیانوویەکی نییە، ئەم کۆبوونەوە دەرفەتی ئەوەمان پێ دەدات، ڕێگەچارەی ڕزگاربوون لەو دۆخەی ئێستا بدۆزینەوە.
