ڕێککەوتنێکی عێراق و فەرەنسا لەسەر گرنگی چوارەمین کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی
ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، و هاوتا فەرەنسییەكەی جان نویل بارۆ، جەختیان لە گرنگی بەڕێوەچوونی خولی چوارەمی كۆنفرانسی بەغداد بۆ هاوكاری و هاوبەشی كردەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، رایگەیاندووە: جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی كۆماری فەرەنسا جان نویل بارۆ، پێگەیشت.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەكراوە: لەو پەیوەندییەدا كۆمەڵێك بابەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ كران، دیارترینیان پێشهاتەكانی ناوچەكە لە دوای وەستانی شەڕ و كەوتنە بواری جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە، هەروەها دۆخی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،و رونیشیكردەوە: هەردوولا باسیان لە كۆبوونەوەكانی لوتكەی ناتۆ و كاریگەرییەكانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە كردووە، ئەمە جگە لە ڕێگاكانی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و فەرەنسا لە بوارە جیاجیاكاندا.
ئاشكراشیكرد: هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا باس لە ئەگەری بەڕێوەچوونی خولی چوارەمی كۆنفرانسی بەغداد بۆ هاوكاری و هاوبەشی و ڕۆڵی فەرەنسا لە پاڵپشتیكردنی ئەم پرۆسەیە گرنگە ناوچەییە كرا.
