هەنگاوێکی نوێی حکومی بۆ داڕشتنەوەی پیشەسازی دەرمان لە عێراق
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، فەرمانیکرد پەرە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لە پیشەسازی دەرمان بدرێت
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی بەرنامەی خۆجێییکردنی پیشەسازی دەرمانسازی، و تێیدا وەزیری تەندروستی و ڕاوێژکارە پەیوەندیدارەکان و ژمارەیەک لە بەرهەمهێنەرانی دەرمان لە کەرتی تایبەت و نوێنەری کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی دەرمان ئامادەبوون.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشکەوتنەکانی بەرهەمهێنانی دەرمانی نیشتمانی کرا، بەتایبەتی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی دەرمانی چارەسەری شێرپەنجە، هەروەها باس لە پەرەپێدانی هاوبەشی سەرکەوتوو لە نێوان هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی لەم بوارەدا کرا، هەروەها باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دەرمانسازی و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان کرا.
سودانی گوێی لە پێشکەشکردنی گشتگیر گرت سەبارەت بە هەنگاوەکانی پەرەپێدان، و گفتوگۆیان لە ستانداردە سەرەتاییەکان کرد کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە پەسەندکراون، و پرسی تۆمارکردن و باوەڕپێکردنی دەرمانی سەرەتایی و کۆتایی، و ئەو شێوازانەی کە پەیڕەوکراون بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی ئەدای کار و تایبەتمەندی بۆ ئەو دەرمانانەی کە لە ناوخۆ بەرهەم هێنراون، بەشێوەیەک لەگەڵ ستانداردە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان لەمبارەیەوە بگونجێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڕاسپارد بۆ پاراستنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دەزگاکانی کەرتی حکومی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کردەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بە باشترین شێوە و دانانی چارەسەری کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان، هەروەها باسی لە هەموارکردنەوە و هاوئاهەنگی ئەو یاسا و بڕیارانە کرد کە پاڵپشتی پیشەسازی دەرمان لە عێراق دەکەن.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرزکردنەوەی خشتەی بەرهەمهێنان و پرسی کێبڕکێ لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی یەک دەرمان کرا، و پێشخستنی پیشەسازی دەرمانی نیشتمانی و نرخی دەرمان و بڕگەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان، جگە لە پرسی پشتیوانی و پاراستنی بەرهەمە دەرمانییەکان و دەستەبەرکردنی بەرهەمهێنانی کارگە عێراقییەکان.
