ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی: لەم ڕۆژانەدا کێشەی موچە چارەسەر دەبێت
پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، لەم رۆژانەدا كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم چارەسەر دەبێت ،ئاماژەی بەوەشدا ئەو ستەمەی ئێستا لەلایەن دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، ڕێگری لە چارەسەری درێژخایەن دەکات.
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وتارێكدا نوسیوتی"ئەمەی بەغدا دەیکات کە برسیکردنی خەڵکی کوردستانە، قۆناغ بە قۆناغ، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال، چونکە ئەقڵییەتەکە بەرەو ھەمان ئەقڵییەت دەڕوا."
وتیشی"ئەو ستەمەی ئێستا لەلایەن دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، ڕێگری لە چارەسەری درێژخایەن دەکات، سەرکردە سیاسییەکان، دەیانەوێت چارەسەری کاتی بکەن بۆ ئەوەی فشارە ھەنوکەییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە متمانەکە ناشیرین دەکات و دەیشێوێنێت، عێراق تا نەگاتە ئەو بڕوایەی کە کوردستانێکی سەقامگیر، گەشەسەندو، پارێزراو، سەرمایەیەکی ژیانییە بۆ عێراقێکی فیدڕاڵ و سەقامگیر و پارێزراو، ناتوانرێت مامەڵەی تەندروست لەگەڵ یەکتری بکەین."
ئاماژەی بەوەدا "گرفتی گەورە ئەوەیە بەغدا ھەمیشە لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم و برسیکردنی گەلی کوردستان بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت، کە ئەمە ئەقڵییەتی ڕژێمی پێشو بو."
باسی لەوەشکرد "تا ئێستا یەک ھێزو لایەنی سیاسی (ئەگەر ناویان لێ بنێین ئۆپۆزیسیۆن)، بەرامبەر بە برسیکردنی خەڵکی کوردستان بۆ جارێکیش پەنجەی تۆمەتیان بۆ بەغدا درێژ نەکردوە، ئەمە لە ھەر وڵاتێکی دیکە بوایە، لێپێچانەوەی توندی لەسەر دەکرا."
جەختیکردەوە بە "ھەوڵی بەردەوام"ی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانەدا "کێشەی موچە چارەسەر دەبێت کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بێگومان حکومەتی ھەرێمیش خۆی بە بەرپرسی مافەکانیان دەزانێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت زۆر جاران دەڵێت: فەرمانبەران ئەرکیان لەسەر شانمانەو قەرزاریانین."
