واشنتۆن: بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جێگای قبوڵکردن نییە
ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە ،ناڕەزایی توندی خۆی لە بڕیارەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەربڕی و بە "ناقبوڵکراو" وەسفی کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە واشنتۆن بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ تاران بۆ گۆڕینی ڕێڕەو و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و سەقامگیری.
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئێمە دەستەواژەی 'قبووڵنەکراو' بەکاردەهێنین بۆ وەسفکردنی هەڵبژاردنی ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدا کە هێشتا دەرفەتی ئەوەی هەیە ڕێڕەو بگۆڕێت و ڕێگەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەڵبژێرێت.
بروس جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران دەبێ بە تەواوی و دەستبەجێ هاوکاری و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە دووبارە بکاتەوە".
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، واشنتۆن جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە:
بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی "قبووڵ ناکرێت".
ئێران دەبێت بێ دواکەوتن بە تەواوی هاوکاری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکات.
تاران دەبێ پابەند بێت بە ڕێککەوتنی پارێزبەندی کە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا هاتووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەبێ دەستڕاگەیشتنێکی بێ سنوور بە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران کە لەم دواییانەدا ڕاگەیەندراوە، پێبدرێت.
لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە بە ئێران نادرێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
ئێران دەبێ زانیاری تەواو و شەفاف سەبارەت بە کەرەستە ئەتۆمییە ڕانەگەیەندراوەکانی بدات.
ئەم لێدوانانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پەرەی سەندووە و گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نوێبووەتەوە، دوای ئەوەی چەندین خولی پێشووی دانوستانەکان شکستیان هێنا.
