بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەوڵەکانی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە،بە سەرپەرشتیی "مەسرور بارزانی"سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەت،کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەرێوەچوو، سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاویکردەوە : لە کۆبوونەوەکەدا،جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە، کە بەداخەوە، کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێوی و بارودۆخی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش، کاری لەپێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی.
