سودانی جەخت لە گرنگی هاندانی داهێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لەبواری کشتوکاڵ دەکاتەوه
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی لە کۆمەڵێک مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی بەغداد کرد
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە، پێشوازی کرد لە کۆمەڵێک مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی بەغدا.
وتیشی لە میانەی دیدارەکەدا باسیان لە بارودۆخی خوێندن لە زانکۆکان و ڕۆڵی گرنگی مامۆستایان و ئەکادیمیەکان کرد لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، و بەڕێزیان گوێی لە کورتەیەک گرت سەبارەت بە ڕۆڵی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و گرنگی توێژینەوەی زانستی لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە عێراقدا.
سودانی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەشداریکردنی مامۆستایانی زانکۆ و بەشداریکردنی بیرۆکە و شارەزایی ئەکادیمییان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، کە یەکێکە لە ئەولەوییەتەکانی کاری حکومەت و بناغەی ئابوورییە، هەروەها جەختی لە گرنگی هاندانی داهێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لەم بوارەدا کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، چەند ڕێکارێک گیراوەتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی خوێندن و تێپەڕاندنی ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی مامۆستایان دەبنەوە بەمەبەستی
پێشخستنی ئەرکەکەیان لە پەرەپێدانی کەرتە گرنگەکانی گەشەپێدان.
