بە یەکڕیزی و هەماهەنگی، لایەنە کوردییەکان بەرەو چارەسەری دەستووری بۆ قەیرانەکان دەڕۆن
پارتی و یەكێتی ڕایانگەیاند، هاوڕان لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پتەوکردنەوەی پەیوەندیەكان بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوە لە ڕاگەیەندراوێكدا هاوبەشدا دەڵێت، "کۆبونەوەی هەردو مەکتەبی سیاسی سەبارەت بە ڕوداو و پێشهاتەکان و کێشەوگرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەتی شایستە داراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا".
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەمو ڕەهەندەکان لە ڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە، هەردولا هاوڕابون كە هەمو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستوردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردولا بهاوێژرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بەشێکی دیکەی کۆبونەوە تەرخان كرابو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن. هەروەها جەختیان لە یەکخستنی هەڵویستی هەمو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.
