کوردستان ... وەزیری سامانە سروشتیەکان داوای پاراستنی كەرتی وزەی هەرێم دەكات
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیدانەی هێرشەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی قەزای زاخۆ و شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆكی كرد و داوای پاراستنی كەرتی وزەی هەرێم دەكات.
لە بەیاننامەیەكی وەزارەتەکەدا هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كێڵگە نەوتییەكانی تاوكێ و پێشخابور و عەین سەفنی لە قەزای زاخۆ و شێخانی پارێزگای دهۆك شایەتحاڵی هێرشی تیرۆریستی بوون، راشیگەیاند: هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام ژێرخانی كێڵگەكان زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.
هەروەك وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئیدانەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە دەكات، كە ئامانجیان تێكدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان و مەترسی لەسەر سەلامەتی فەرمانبەرانی خزمەتی مەدەنی لە كەرتی وزەدا هەیە.
لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە رێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەرانی خزمەتی مەدەنی و بەرەوپێشبردنی ئاسایشی وزە و ڕێگریكردن لە هێرشی زیاتر بۆ سەر كەرتی وزە لە كوردستان.
وەزارەتەكە دووپاتیكردەوە: هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پاراستنی ژیانی كرێكارانی كەرتی وزە و پێگەی ستراتیژی خۆی لە دەستەبەركردنی سەقامگیری وزە لە ناوچەكە و جیهاندا.
